لەم پەنجەرەیەدا، چیرۆكی سەرنجڕاكێشی گەنجێکی چل ساڵە دەگێڕینەوە، کاک سەرمەد محمد، كە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراوی دا پاش ساڵانێک لە ئەزموونی جیاوازی کار کردن، لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووی کار کردنیدا هیچ بەڕێوەبەرێکی نەبووە، كۆمەڵێك كۆمپانیای سەركەوتووی دامەزراند، یەک لەوانە گروپی کۆمپانیاکانی هاما بۆ کاری ڕیکلام و بەرهەمهێنان، کە کۆمپانیایەک بوو پڕ لە داهێنان و نوێگەری لە کاری بەرهەمهێنانی کوردییدا، دواتر ئەم پیاوە گەیشتە ئەو بڕوایەی كە كاتی گۆڕانكارییەكی گەورە هاتووە، دەیویست سنووری زیاتر ببڕێت و گەورەتر ببێت.
لە كاتێكدا كە زۆربەی خەڵكی لە تەمەنی چل ساڵیدا بەدوای سەقامگیری و ئارامیدا دەگەڕێن، ئەم پیاوە بڕیاری دا واز لە دەستكەوت و بەرهەمەکانی ڕابردووی بهێنێت و لە سفرەوە و لەڕێگایەکی نوێوە دەست پێبكاتەوە، جێی پرسیارە کە بۆچی كەسێك لە ترۆپكی سەركەوتندا ئامادەیە هەموو شتێك جێبهێڵێت؟ چۆن مرۆڤ دەتوانێت دەست لە ئاسوودەیی و دڵنیایی هەڵبگرێت و بەرەو نادیار هەنگاو بنێت؟ کارەکانی هامای ڕاگرت و کۆمپانیای بونیانی دامەزراند بۆ کاروباری خانووبەرە، کۆمپانیایەک کە بڕیارە جیاوازبێت لەوانەی پێش خۆی و تا ئێستا لە عێراق و کوردستاندا بوونی نەبووبێت، کە ئەمەش یەکسانە بە بڕیار و سەرکێشی و ئەزموونێکی نوێ و نەکراو.
لەم ئەڵقەیەی پەنجەرەدا، بە قووڵی دەچینە ناو بیركردنەوە و هەست و بڕیارەکانی کاک سەرمەدەوە، باس لە ترس و گومانەكانی دەكەین، باس لە وزەی بێ شومار و ویستی بەردەوامیی و توانای بڕیاردانە قورسەکان دەکەین، هۆكارەكانی هەڵبژاردنی ئەم ڕێگا قورسانە دەدۆزینەوە و سەیری ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانە دەكەین كە لە ڕێگای ئەم گەشتە تاقەتپڕوکێنەدا دێنە پێش هەر کەسێک کە پیایاندا تێپەڕ دەبێت.
ئەم پۆدکاستە، گەنجینەیەکی ئامادەکراوی ڕەنگینە، پێشکەش بە هەر گەنجێک کە وێڵی دۆزینەوەی گەنجینەیەکی لەم جۆرەیە.