قەزوان، ئەو دارە ڕەسەنە كوردییەی كە لە دێرینەوە بە چەندین شێوە سوودی هەبووە - لە خواردن ـەوە تا دەرمان و تەنانەت جوانكاریی وەكو تەزبیح - ئەمڕۆ دەبێتە هێما و وانەیەكی جوان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ناوەڕۆكی كوردی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.
لەم ئەڵقەیەدا، كاك داوەر لهۆنی، چیرۆكی خۆدۆزینەوەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەدوای ئەزموونێكی چەند ساڵە و زۆرباشی Full Stack Developer، دوای ئەوەی كە خۆی دەدۆزێتەوە و هەست بە توانا و لێهاتووییەكانی دیكەی دەكات، بڕیار دەدات ئەو بوارە بەجێ بهێڵێت.
لە كاتێكدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕ بوون لە ناوەڕۆكی بێ بەها و زیانبەخش، پێویستیمان بە گۆڕانكارییەكی گەورە هەیە. كاك داوەر ڕێنماییمان دەكات چۆن بتوانین ناوەڕۆكی بەسوود و بەهادار بەرهەم بهێنین كە لەگەڵ پێداویستی و خواستی بینەر و بیسەری كورددا بگونجێت. چۆن بتوانین بڕاندی كەسیمان بكەینە ئامرازێك بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەها لە كۆمەڵگادا.
كاك داوەر وەك ڕاوێژكاری بڕاندی كەسی، فێرمان دەكات چۆن ناوەڕۆكەكانمان بكەینە بەشێك لە كەسایەتی و شوناسی خۆمان، چۆن ببینە نموونە و سەرچاوەی متمانە بۆ ئەوانەی شوێنمان دەكەون. فێرمان دەكات چۆن بڕاندی كەسی ببەستینەوە بە بەها و سوودەوە، نەك تەنها بە ناوبانگ و ژمارەی فۆڵۆوەرەوە.
وەك چۆن قەزوان لە هەر وەرزێكدا بەرهەمێكی نوێ و سوودێكی نوێی هەیە، ئاوها دەبێت ئێمەش لە هەر پلاتفۆرمێك و بە شێوازێك، بەردەوام ببینە سەرچاوەی ناوەڕۆكی بەسوود و، هاوسەنگی لەدەستچووی نێوان ناوەڕۆكی باش و ناوەڕۆكی خراپ بگەڕێنینەوە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەینە سەكۆیەكی بەهادار و وەك قەزوان، ببینە سەرچاوەی سوود و چاكە بۆ گەلەكەمان.